ئەو کەسەی کە خۆی وەک ڕۆژنامەنووس ناساندووە دەزگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێرشكردنە سەری تۆمەتبار دەكات، پێشتر کادیری پارتی بووە و لەبەر پابەندنەبوون و كێشەدروستكردنی بۆ هەڤاڵەكانی، لە ڕیزەكانی ئەو حزبە دەركراوە. ڕاگەیاندنی یەکێتی بەتایبەتی تاقمی لاهور جەنگی بڵاویانکردەوە کە دانا مەنمی كە گوایە ڕۆژنامەنووسێكە لە سلێمانی لە پشت نەخۆشخانەی فارووق لە لایەن چەند چەكدارێكەوە هێرشی كراوەتە سەر. میدیای فەرمیی یەكێتی لە زاری ئەو كەسەوە ئاژانسی پاراستنی تۆمەتبار كرد. لە بەرامبەردا ئاژانسەكە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردەوە و داوای لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانەی كرد. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو دانا مەنمییە پێشتر كادیری ڕاگەیاندنی لقی چواری پارتی بووە بەڵام ”لەبەر هەڵسوكەوتی نەشیاوی، چەند جارێك كێشەی لەگەڵ هاوكارەكانی دروست كردووە، بە تایبەتیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هێرشی كردۆتە سەر هاوڕێكانی، لەبەر ئەو گێچەڵ و كێشانە، بە كۆی دەنگ بڕیار دراوە لە پارتی دەربكرێت“. سەرچاوەكە جەختی كردەوە كە تۆمەتباركردنی دەزگای پاراستن لە لایەن دانا مەنمی، سیناریۆیەكە، لە لایەن لاهوور جەنگی و تاقمەكەی دروستکراوە بۆ لێدان لە پارتی. سەرچاوەکە گوتیشی کەسێک بچێت بۆ پەلاماردانی یان کوشتنی کەسێک پێی ناڵێت من لە فڵان شوێنەوە هاتووم و دەمەوێ بتکوژم!. كامەران غەریب، گوتهبێژی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، دانا مهنمی پێشووتر پارتی بوو، ئێستا پەیوەندی به پارتییهوه نهماوه، دوو ساڵه له ڕیزەكانی پارتی دهركراوه، چهند جارێك ئاگادار كرایهوه كه چهند پرسێك ههیه پهیوهندی بهوهوه نییه و شتی درۆی بە ناوی سهركردایهتیی پارتییەوە بڵاودەکردەوە، بهبێ زانیاری شتی لهسهر سهركردایهتیی پارتی و هەڤاڵانی لە لقی چوار دهنووسی، چهند جار ئاگادار كرایهوه، بهڵام پابهند نهبوو، بۆیە ”له ریزهكانی پارتی دوورخرایهوه”. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”هەندێك خەڵك تهنیا بۆ ئهوهی ناوێك دهربكهن، ناوی پارتی یان دهزگاكانی پارتی دههێنن، ئهمه چهندینجارە دووبارە دەبێتەوە، ئەم جۆرە كارانە لە پارتییەوە دوورە و دامودەزگاكانی پارتیش كاری لەم شێوەیە ناكەن، ئەوانیش دەزانن كە لە سلێمانی كێ خاوەن هێز و دەسەڵاتە و ئەم تۆمەتانە بۆ پارتی بێبنەمان“. گوتەبێژی لقی چواری پارتی داوای كرد، دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر ئەو ڕۆژنامەنووسە بكەن. گوتیشی: ”ئایا ئهو كامیرانهی نزیك بوون له شوێنهكه هێرش بەرەکانی تۆمار نەکردووە، بۆچی ئاشکرای ناکەن“. كامەران غەریب دووپاتی كردەوە كە پارتی وەكوو حزبێكی گەورەی هەموو كوردستان، ساڵانێكی درێژە لە سلێمانی بە جۆرەها شێوە تۆمەتبار دەكرێت، بۆیە داوای لە دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی كرد، لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بكەن و ڕاستییەكان بۆ رای گشتی بخەنە ڕوو.