وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڵابوونەوەی چەند نرخێکی چارەسەری نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بڵاو کردەوە. لەمبارەیەوە وەزارەتی تەندروستی لە روونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا بڵاویکردووەتەوە: “دەمانەوێت هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا بکەینەوە کەوا نرخەکانی چارەسەری بەهۆی باروگوزەرانی هاوڵاتیان لەم دۆخەی ئێستای نەخۆشی کۆڕۆنا، بەڕێژەی ٤٠ تا ٥٠ لەسەدای نرخەکان لەلایەن لێژنەیەکی ڕاوێژکاری کەمکرایەوە و بە فەرمانی وەزاری ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست دەرچووە”. ئاماژەوە بەوەش دراوە، “تیمەکانی پشکنین بەدواداچوونی ڕۆژانە دەکەن و وەزارەتمان بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخەکان و رێگا نادرێت بە هەر زیادەرۆیی و سەرپێچییەک”.