تەقینەوەیەكی گەورە شاری بالتیمۆری ئەمریكای هەژاند

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە تەقینەوەیەكی گەورە گەڕەكێكی شاری بالتیمۆری ئەمریكای هەژاند، لە ئەنجامدا چەندین خانووی خاپوور كرد. پەیامنێری تۆڕی هەواڵی “رووسیا تودەی” رایگەیاند تەقینەوەكە بە هۆی كێشەیەكەوە بووە لە بۆڕی غازی ماڵاندا و بووەتە هۆی داڕووخانی چەند ئەپارتمانێك لە شاری بالتیمۆری سەر بە ویلایەتی میریلاند، تا ئێستا هەواڵ لەبارەی گیان لەدەستدانی ئافرەتێك هەیە بە هۆی تەقینەوەكەوە. جگە لە گیان لەدەستدانی ئافرەتەكە، دوو كەسی برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، تیمەكانی فریاكەوتنیش بە دوای كەسانی ژێر داروپەردووی ئەپارتمانە رووخاوەكاندا دەگەڕێن. كەناڵی “دەبڵیو بی ئێف ئێف”ی لۆكاڵیی ئەمریكیش ئاماژەی بەوە داوە كە تیمەكانی فریاكەوتن تا ئێستا توانیویانە سێ كەس بە زیندوویی لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكاندا دەربێنن.