بەھۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، زیان بەر جووتیارانی سنووری پشدەر کەوتووە و بە شێوەیەکی کاتیش چارەسەری ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییانی پشدەر کراوە. زانا عوسمان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاوی (خاس) کە ئاوی خواردنەوەی ماڵانی شارۆچکەی قەڵادزێ دابین دەکات بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئاوی زێی بچووک کە سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییانی شارۆچکەی قەڵادزێیە و سەرچاوەکەی لە ئێرانەوە دێت، ناوە بە ناوە بەھۆی دروستکردنی بەنداو لەسەری لەلایەن ئێرانەوە دەگیردرێتەوە”. گوتیشی: “بە شێوەیەکی کاتی ئێمە بەربەستمان لەسەر ئەو بڕە ئاوە دروست کردووە بۆ ئەوەی ئاوەکە بگاتە ئاستی پەمپەکانی پڕۆژەکە و دابەشی ماڵانی بکەین، بەڵام کۆمەڵێکی زۆری جووتیار زەرەرمەند بوون و نەیانتوانیوە کشتوکاڵ بکەن”. زانا عوسمان باسی لەوەش کرد: “تاکە ھۆکار بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دروستکردنی بەنداوێکە لەسەر زێی بچووک لەناو سنووری پشدەر کە ھەم ئاوی باراناو و ھەمیش ئەو بڕە ئاوەی ئێران بەری دەداتەوە، گل بدرێتەوە، کە وێڕای ھەموو سوودەکان، بەردەوام سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاویش دەبێت بۆ ناو بەنداوی دووکان”.
پشدەر.. بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک جووتیاران زەرەمەند بوون
