كەركووك.. دوو بەرپرس بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە

دوو بەرپرسی شاری كەركووك، بەتۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، کە هەردوویان بەڕێوەبەری ئێستا و پێشووی دەستەی وەبەرهێنانی شارەكەن. ئەم بڕیارە لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكیی عێراق بووە و سەرەنجام دادگا بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەر یەک لە (جارەئەڵا عەبدوڵا) و (فەلاح بەزاز)، سەرۆكانی ئێستا و پێشووی وەبەرهێنانی كەركووك دەرچووە. هاوكات دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا ڕوونیان كردووەتەوە كە ئەو دوو بەرپرسە لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوندا گەندەڵییان كردووە. لەمبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە 11/8/2020، ئەدهەم جومعە، بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد لە كەركووك و چالاكوانی دیاری كۆمەڵگەی مەدەنی لە شارەكە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دیارە لە دوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی پار و ئەمساڵی بەغدا بڕیار دراوە هەندێك لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسان بكرێت، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی كە لە دەستەی دەستپاكیی عێراقن، بەڵام ئەوەی كە ئێمە دەیبینین ڕاستە رۆژانە بەتۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی بەرپرس بانگی بەردەم دادگا دەكرێن و لە كەركووكیش، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو بەرپرسانە سزا نادرێن و دەرچەیەك بۆ دەربازبوون لەو دۆسیانەی كە لەسەریان هەیە بۆ دەدۆزرێتەوە و سزا نادرێن و زیندانی ناكرێن و بە گەندەڵییەكی تر دۆسیەكانیان دادەخرێت”. گوتیشی: “نمونەمان زۆرە لە كەركووك لەسەر ئەو بابەتە بە نموونە عەباس تەقی (توركمانێكی شیعە بوو) كە سەرۆكی زانكۆی كەركووك بوو، هەموو گەندەڵییەكی لەسەر سەلمێندرا و ماوەیەك لە دادگا لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا، بەڵام ئێستا ئەوەتا لە ماڵەكەی خۆی دانیشتووە و كەس ناوی ناهێنێ، بابەتەكە رووكەشییە و دەستەكانی دەستپاكی عێراق لقەكەی كەركووكیان بەتایبەتی لاوازن، چونكە گرنگ ئەوەیە بتوانن گەندەڵی بەرپرسان ئاشكرا بكەن و دادگاش سزایان بدات”.