ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی هێرشەكانی توركیا كۆبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەكەی كرد، ئەمەش بۆ باسكردنی بەردەوامیی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان. نووسینگەی ئەعرەجی بڵاوی كردەوە كە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و بریكارانی ئەنجوومەنەكە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە و دەستدرێژییەكانی سوپای توركیایان تاوتوێ كردووە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆش فڕۆكه‌كانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنووری سه‌ر به‌ سوپای عێراقیان بۆردومان كرد، لە ئەنجامدا دوو ئه‌فسه‌ری باڵای پاسه‌وانی سنوور شه‌هید بوون، دوو كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون. لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراق سوپای توركیای تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشە و رایگەیاند دەستدرێژییەكی دوژمنكارانەی زەقی توركیا كراوەتە سەر خاكی عێراق، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی پاسەوانانی سنووریان لە ناوچەی سیدەكان كردووەتە ئامانج.