ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە سنووری پارێزگاكانی دیالە، بەهۆی هێرشی داعشەوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کە هاووڵاتیانی مەدەنیی تێدا بووە، لە ئەنجامدا حەوت هاووڵاتی بریندار بوون. ئەمڕۆ چوارشەممە 12/8/2020 نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئێوارەی دوینێ سێشەممە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە نێوان قەزای شارەبان و شاری باقووبە لە سنووری دیالە تەقە لە سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان كراوە و بەو هۆیەوە 7 كەس بریندار بوون.” بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (شەفەقنیوز) ئەو هێرشەی داعش بە چەکی سووک و نیوە قورس بووە و ڕووداوەکە لە نێوان هەردوو گوندی (ئەبووکەرەمە و ئەلکبە) و هەڵکەوتوو لە 25 کیلۆمەتریی شاری بەعقووبە ڕووی داوە. گوتیشی: “ئەو كەسانەی كە تەقەیان لێ كراوە خەڵکی مەدەنی بوون و لە ئاهەنگی شاری گەڕاونەتەوە و هەموویان بریندرا بوون.” پاش ئەو ڕووداوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەو ناوچەیە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ناوچەکە بەدوای چەکدارانی داعش کردووە.