بەرێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارهباى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاى دهگهیهنێت، سێ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر جێبەجێ دەكرێن. دیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “تەندەرمان ئامادە كردووە بۆ سێ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر، 25 مێگاوات لە هەولێر، 25 مێگاوات لە سلێمانی، 25 مێگاواتیش لە دهۆك كە سەرجەمیان دەكاتە 75 مێگاوات، بەم نزیكانە بانگهێشتی كۆمپانیاكان دەكەین بۆ دامەزراندنی ئەو سێ وێستگەیەی وزەی خۆر”. ئەوەشی خستە ڕوو، چەندین بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە دیاری بكەن كە لە ڕێگەی وزەی خۆر، یان وزەی با كارەبا بەرهەم بهێنن. بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا ئاشكراشی كرد، پڕۆژەیەكی دیكهى كارەبایان هەیە كە گرێبەستیشی بۆ كراوە و بریتییە لە بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات كارەبا لە ناوچەی گەرمیان، ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئەو غازە كار دەكات كە بەفیڕۆ دەڕوات و دەسووتێت، پڕۆژەكە بۆ كۆمپانیایەكی بەریتانی دەرچووە، بەهۆی پهتاى كۆرۆناوه ئەوان نەیانتوانی بێنە ههرێمى كوردستان، ئەوانیش دەست بەكار دەكەنەوە. دیار بابان باسى لهوهش كرد، پڕۆژەی دیكهى كارەبایان هەیە لەوانە: دروستكردنی هێڵی تازەی 33 كەیڤی و 132 كەیڤی، هەندێكیان گرێبەستی تازەیان بۆ كراوە، پڕۆژەی وێستگەی ناوەندیش هەیە كاری بۆ دەكرێت.