ئەوقافی هەولێر: مەلا عوسمان كانی كوردەیی و هاوسەرەكەی بێ ئەوەی پارە بدەن حەجیان كرد

  بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاشكرای كرد، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لەگەڵ هاوسەرەكەی، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەك بدەن، حەجیان كردووە و ئێستاش بانگەشەی كردنەوەی مزگەوت دەكەن. بەرێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای ھەولێر وەڵامی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی دایەوە و رای گەیاند: ”مه‌لا عوسمان كانی كورده‌یی كه‌ كادیرێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و خۆ ده‌رخستن و یاریكردن به‌هه‌ستی خه‌ڵك” ئەمڕۆ كارێكی كردووە و ”ئه‌گه‌ر راست ده‌كات بۆ خۆ هه‌ڵكێشان و خۆ ده‌رخستنی نییه‌، هه‌ركات داوا بكات راسته‌وخۆ ده‌توانێ وه‌زیره‌كان و به‌رپرسه‌كان ببینی به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ راوسه‌رنج و پێشنیاره‌كان بخاته‌ ڕوو و پێشكه‌شی بكات“. هاوكات پرسیاری ئەوە لە پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی كراوە: ”مه‌لا عوسمان ساڵی رابردوو سه‌ردانی وه‌زاره‌تی كرد، خۆی و خێزانی كه ‌ناویان له ‌تیر و پشكی حاجییان ده‌رنه‌چووبوو بۆ حه‌جكردن، داوای ئه‌وه‌ی كرد كه‌ حه‌ج بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی نه‌دا بۆ فه‌ریزه‌ی حه‌ج كه‌ كولفه‌كه‌ی بریتی بوو له‌ ده‌ هه‌زار دۆلار له‌سه‌ر حیسابی حاجیانی كوردستان سه‌فه‌ری حه‌جی كرد، ئه‌ی ئه‌مه‌ گەندەڵی نییه‌؟“. لەبارەی ھەوڵی کردنەوەی مزگەوتەکانیش لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەو مەلایە چه‌ند كادرێكی كۆمەڵی كۆ كردۆته‌وه‌ به‌ناوی ئه‌وه‌ی كه‌ وتاری هه‌ینی رێگاپێدراو بێت، ”ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده‌ نابه‌رپرس بێت، ره‌چاوی بارودۆخی هاووڵاتیان نه‌كات كه‌ رۆژانه‌ ته‌نها له ‌شاری هه‌ولێر و شاره‌كانی كوردستان چه‌ندین كه‌س ده‌بنه‌ قوربانیی ئه‌و په‌تایه‌ كوشنده‌یه‌، ئایا مه‌لا عوسمان به‌رپرسیاریه‌تیی ڕۆحی خەڵك ده‌كات؟“. هۆشداریشی پێدراوە و جەخت كراوەتەوە: ”مه‌لا عوسمان بۆی نییه‌ له‌ جیاتی مامۆستایانی ئایینی و‌ نوێژخوێنان قسه ‌بكات، بۆی هه‌یه‌ ته‌نها به‌ناوی خۆی و حیزبایه‌تیی ته‌سكی خۆی قسه‌ بكات كه‌ ئایین و سیاسه‌تی تێكه‌ڵ كردووه، چاوەڕوان ده‌كرا ئه‌وانه‌ بێن له‌ بارودۆخێكی وا سه‌خت له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ كه‌ دووچاری خه‌ڵكی كوردسان بۆتەوە، بێن و مشوورێك بخۆن و خه‌مخۆرانه‌ ده‌ركه‌ون بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌، كه‌چی پێچه‌وانه‌ دێن زیاتر هاووڵاتیان لە ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ ئه‌زیه‌ت ده‌ده‌ن و مه‌به‌ستیانه‌ زیاتر سه‌ر له ‌هاووڵاتیان بشێوێنن و ئیستغلالی بكه‌ن بۆ مه‌رامی خۆیان“. لە كۆتاییشدا هاتووە: ”ئایین زۆر دووره‌ له ‌سیاسه‌ت، هه‌ركات مه‌لا عوسمان و هاوبیرانی بیانه‌وێت مزگه‌وت بكه‌نه‌ شوێنی حزبایەتی و سیاسه‌ت، ئه‌وا رێگایان پێ نادرێت، چونكه‌ (ئایین، مزگه‌وت و مامۆستای ئایینیی ره‌سه‌ن) پیرۆزن لای ئێمه‌ و رێز لێگیراون“.