ڕانیە.. دوو ھەزار دۆنم زەوی بە گوڵەبەڕۆژە چێندراوە

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە ڕای گەیاند لە سنووری قەزای ڕانیە کە دەشتی بتوێن دەگرێتەوە، دوو ھەزار دۆنم زەوی کراوەتە گوڵەبەڕۆژە کە جۆرە گوڵەبەڕۆژەیەکی باشە و ئەگەر ھاوکاریی جووتیاران بکرێت، دەتوانن ڕێژەیەکی زۆری لێ بەرھەم بھێنن. خدر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ھەریەکە لە دەشتی بتوێن و ئەو دەشتەی ساڵانە ئاوی بەنداوی دووکان لە سنووری ڕانیە جێ دەھێڵێت، ئەمساڵ لەلایەن جووتیارانەوە دوو ھەزار دۆنم زەوی کراوەتە گوڵەبەڕۆژە کە بەشی زۆریان گوڵەبەڕۆژەی بەھارییە کە کوالێتی و جۆرەکەی لە ئەوەی دیکە کە پیی دەڵێن گوڵەبەڕۆژەی ھاوینی باشترە”. گوتیشی: “ڕەنگی زۆربەی گوڵەبەڕۆژەکان ڕەشە کە گوڵەبەڕۆژەیەکی بەناوبانگە و بەخێرایی ساغ دەبێتەوە و ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری و پاڵپشتی زیاتری جووتیاران بکات، دەتوانرێت پێویستیی بەشێکی زۆری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بەو بەرووبومە کشتوکاڵییە پڕ بکرێتەوە”. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە داواشی کرد: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی پێدانی تۆو و پەینی کیمایی و قەدەغەکردنی ئەو بەروبوومە  و دامەزراندنی کارگەی باشی خۆشکردنی گوڵەبەڕۆژە و دروستکردنی ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، برەوی زیاتر بەو بەروبوومە کشتوکاڵییە گرنگە بدات”.