وەزیری سوپای فەرەنسا سەرپەرشتیی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ لوبنان دەکات

وەزیری سوپای فەرەنسا سەرپەرشتیی گەیشتنی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ لوبنان، دەکات. بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-8-2020، فلۆڕانس پارلی، وەزیری سوپای فەرەنسا بگاتە بەیرووت و تا سبەی هەینی، لەوێ دەمێنێتەوە. فەرەنسا هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (تونیر) ناردووەتە لوبنان و کۆی هاوکارییەکان، کە بڕیارە تا رۆژی 15-8-2020 بگەنە بەیرووت پێک هاتووە لە 18 تۆن کەلوپەلی پزیشکی، 700 تۆن خواردن و کەلوپەلی بیناسازی. دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی شارەکەی کرد و بەڵێنی دا هاوکاری بۆ خەڵکی لوبنان بنێرێت و رێگا نەدات دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەست بەسەر هاوکارییەکاندا بگرن. رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 160 کوژراو و زیاتر لە شەش هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.