بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە ئاشكرای كرد كە كە چاوەڕوان دەكرێت شەپۆڵێكیتری پەتای كۆرۆنا لە وەرزی پاییزدا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات و داوای لە هاووڵاتییان كرد، خۆیان بپارێزن. دکتۆر عەلی سوارە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە رای گەیاند، ڕێژەی تووشبووان لە دەڤەری ڕاپەڕین گەیشتۆتە لوتکە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە. هاوكات ئاشكرای كرد كە خزمەتگوزاریی تەندروستی لە سنوورەكەیاندا لە بارێکی زۆر ناهەموار و نەگونجاودایە، بۆیە ”نەخۆشانی کۆرۆنا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بە ناچاری ڕوو لە نۆرینگە تایبەتەکان دەکەن“. ڕوونیشی كردووەتەوە كە لە دەڤەرەكەیاندا كەرتی تایبەت نییە و تەنیا یەك نەخۆشخانەی تایبەت هەیە كە نەشتەرگەری تێدا دەكرێت، بۆیە تائێستا ”هیچ نەخۆشێكی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەتی نەخەوێندراوە“، دوو بنكەی نەخۆشییە گواستراوەكانیشیان هەیە كە تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە خۆ دەگرن كە یەكێكیان لە ڕانیە و ئەوەی دیكەیان لە قەڵادزەیە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە بۆ بەشی كوردیی (دەنگی ئەمریكا)ی روونكردۆتەوە: ”حكوومەتی ناوەندیی عێراق گەمەیەکی سیاسیی قێزەون لەگەڵ هەرێمدا دەکات، زۆربەی پزیشکان بەهۆی نەدانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کردووە“. لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەیدا ئەوەی ئاشكرا كردووە كە تائێستا چوار هەزار و ٢٠٠ پشكنین لە دەڤەری رانیە كراوە، ٧٠٠ كەسیان تووشبووی پەتای كۆرۆنان. دەشڵێت: ”چاوەڕێی شەپۆلێكیتری كۆرۆنا دەكرێت لە وەرزی پاییزدا“. هۆكاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوانیشی لە دەڤەرەكە بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنماییە تەندروستییەكان گەڕاندۆتەوە.