لە شاری سلێمانی، كەسێك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە ناوی (ئەنجومەنە ڕیشە) ناسراوە، بە فیشەك بریندار كرا و بەرپرسێكی پۆلیسی شارەكەش ئاشكرای دەكات كە لە لایەن هاوڕێیەكی خۆیەوە لێی دیارە. ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ٨ی ٢٠٢٠، گەنجێك لە سنووری ناحیەی تاسڵوجە لە سلێمانی بە فیشەك بریندار كرا و چەند وێنەیەكیشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرانەوە. لەمبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی لە (ئەنجومەنە ڕیشە) كردووە، ھاوڕێی خۆی بووە و لەناو ئۆتۆمبێلێکدا پێکەوەبوون و کاتێک دابەزیون بۆ ئەوەی پشوویەک بدەن و ئاوێک بخۆنەوە، ھاوڕێکەی ئەنجوومەنە ڕیشە، بە چەکی دەمانچە پێنج فیشەکی پێوەناوە و برینداری کردووە. ڕوونیشی كردەوە، (ئەنجومەنە ڕیشە) ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ئێستا تەندروستی جێگیرە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت. سەركەوت ئەحمەد ئاشكرای كرد: ”بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەنجومەنە ڕیشە ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو کەسەدا نەبووە کە تەقەی لێ کردووە و ئەگەر سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکەین و ڕاپێچی دادگای دەکەین“.