ئەمڕۆ شەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و بەپێی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە نزیکترین کاتدا بەغدا بڕی 320ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێ. بەپێی زانیارییەکان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان رێکەوتوون و بڕیاریش دراوە بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا بڕی 320 ملیار دینار وەك بەشە مووچەیەك لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو. ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردەوە.