ئێران بە چەند پرۆژەیەك مەترسی بۆ سەر ڕووباری سیروان دروست دەكات

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاشكرای كرد، ئێران چەند پرژەیەكی تایبەت بە ئاوی لەسەر رووباری سیروان دروست كردووە و بەو هۆیەوە گرفتی كەمبوونەوەی ئاو سەرهەڵ دەدات، بۆیە دەبێ حكوومەتی عێراق بێتە دەنگ. رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پرژەیەكی تایبەت بە گلدانەوەی ئاو لە دیوی ئێرانەوە كراوتەوە و بۆ خۆیان گرنگە، كە بەنداوی تونێل و پرۆژەی كشتوكاڵی لەخۆ دەگرێت، ئەمە دەبێتە هۆی زیاتری گرتنەوەی ئاوی ڕووباری سیروان و بەنداوی دەربەندیخان و ئەو چەمانەی دەرژێنە ڕووباری سیروانەوە.” گوتیشی: “ئەو پرژانەی ئێران كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوەی ئاوی رووباری سیروان دەبێت، بەتایبەت لە وەرزی پاییز و وەرزەكانی كەمبارانیدا كاریگەرییەكە زیاتر دەردەكەوێت.” بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، باسی لەوەش كرد: “ئێران دەیەوێت لەڕێگەی ئەو پرۆژانەوە ئاو بگەیەنێتە ئەو ناوچانەی خۆیان كە ئاویان كەمە، بۆ ئەوەش پێویستە حكوومەتی عێراق بەپێی هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ ئەوەی ئێران كارێك نەكات كە بەتەواوەتی رووباری سیروان وشك بكات.” بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) تا ئەمڕۆ یەكشەممە 16/8/2020 ئەو پرۆژانەی كە ئێران لەسەر رووباری سیرون دروستی كردوون گەیشتۆتە 42 پرۆژە. پلاندانانی سیاسەتەکانی پەیوندیدار بە سەرچاوەکانی ئاو لە دەرەوەی عێراق و گەرەنتیکیرن و ناردنی بڕە ئاوی گونجاو بۆی و دابەشبکردنێکی داپەروەرانە لە ناوخۆی عێراق، بەپێی یاسا و عورمەفە نێودەوڵەتییەکان دەچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقەوە و ئەمەش بە روونی لە بڕگەی هەشتەم لە مادەی١١٠ لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێ کراوە. بەپێى یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەو ڕووبارانەى کە سەرچاوەکانیان لە نێوان وڵاتاندا هاوبەشە، هیچ وڵاتێک مافى وشککردنى سەرچاوەکەى و بە تەنیا بەکارهێنانى نییە، بەڵام وڵاتى ئێران تا ئێستا پابەند نەبووە بەو یاسایانەوە و تەنیا لەسەر ڕووباری سیروان چەندین بەنداوی بەستووە.