سەرکردەیەکی سەربەخۆخوازانی باشووری یەمەن: سەردانی ئیسرائیل دەکەم

سەرکردەیەکی سەربەخۆخوازانی باشووری یەمەن نیازی خۆی بۆ چوونە ئیسرائیل و بینینەوەی جووەکانی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل، نیشان دەدات. هانی بن برێک، جێگری سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەگەر دەرگای ئیسرائیل بۆ هاووڵاتییانی باشووری یەمەن کرایەوە، ئەوا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. هانی بن برێک هەروەها رایگەیاندووە، لە ئیسرائیل سەردانی هاووڵاتییە جووەکانی باشووری یەمەن دەکات و لەگەڵیان دەچێتە مزگەوتی ئەقسا لە شاری ئۆرشەلیم (قودس) و نوێژ دەکات. ئەو لێدوانەی ئەو سەرکردەیەی باشووری یەمەن دوای رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و ئیسرائیل، دێت. رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن. شەوی 25-4-2020، لە بەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن باری لەناکاوی لە پارێزگاکانی باشووری وڵات و حوکمی خۆڕێبەریی باشووری یەمەنی راگەیاند. لە 22-5-1990، هەردوو کۆماری یەمەنی دیموکراتیی میللی (باشوور)، کە سەر بە بەرەی سۆسیالیستیی جیهان بوو و کۆماری عەرەبیی یەمەن (باکوور)، کە سەر بە بەرەی رۆژئاوا بوو، رێککەوتن لەسەر یەکگرتن و ناوی ولاتە نوێیەکە بووە کۆماری یەمەن.