وادەی ڕێگەپێدان بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠١٨ درێژ كرایەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا، تا ١ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، ڕێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠١٨ بدرێت. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی، نووسراوی بە ژمارە ٧٩١٢ كە ڕۆژی ١٢ی ٨ی ٢٠٢٠ دەركراوە و ئاراستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ كراوە، جەختی لە بەیانی ژمارە ٤٥ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە مەرجەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل كردووە و ئاماژەی بە خاڵی دەیەمی ماددەی یەكەمی بەیانەكە داوە و راگەیاندراوە: – ڕێگەپێدانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠١٨ تا بەرواری ١ی ١١ی ٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت. – لە ڕۆژی ١ی ٩ی ٢٠٢٠ەوە ڕێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢١ دەدرێت. – بەپێی مۆدێلی ڕێگەپێدراو، ڕێنماییەكە ئۆتۆمبێلەكانی جۆری پاس و ئامێر و بارهەڵگریش دەگرێتەوە.