دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ناردنی چەک بۆ لوبنان، رادەگەیەنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 16-8-2020، محەمەد حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران لە رۆژی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، گەلی لوبنانی خۆشەویستن و ”ئێمە لەکاتی بەگریکردن یارمەتیمان داون“. محەمەد حاتەمی بە ئاماژەکردن بە ”بارودۆی باش“ی بەرهەمهێنانی چەک لە ئێران، رایگەیاندووە، ئێران ئامادەیە چەکی پێویست بۆ لوبنان دابین بکات، ئەگەر لوبنانییەکان قبوڵی بکەن. ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئێران بۆ دابینکردنی چەک بۆ لوبنان لەکاتێک دایە، کە لوبنان بەهۆی تەقینەوەکە و قەیرانی ئابوورییەوە، لە بارودۆخێکی زۆر سەخت دایە و وڵاتانی جیهان بە ناردنی خۆراک و پێداویستیی تەندروستی، هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکەن. رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.