دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی یۆنان بە نهێنی زیاتر لە ١٠٠٠ کۆچبەری بردووەتە کەناراوە دوورەکانی وڵاتەکە و لە نێو بەلەمی لەکارکەوتوو جێیهێشتوون. ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەشێکی زۆر لە یۆنانیەکان ڕق و بێزاریان لە دڵیاندا کۆکردۆتەوە بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران کە ڕوو ل وڵاتەکە دەکەن، بەم هۆیەشەوە حکوومەتی وڵاتەکە ڕێگایەکی نوێی دۆزیوەتەوە بۆ دوورخستنەوەی کۆچبەران لە وڵاتەکە و بە نهێنی زیاتر لە ١٠٠٠ کۆچبەری لە سنوورەکانی ئەورووپا دەرکردووە لەم چەند مانگەی پێشوودا و هەموو کۆچبەرەکانی بردووەتە کەناراوەکانی وڵاتەکە و لە بەلەمی ڕزگارکەر و بچوک جێیهێشتوون”. گوتیشی: “حکوومەتی یۆنان بە لای کەمەوە ١٠٧٢ کۆچبەری لە دەریادا جێهێشتووە لە ٣١ بەلەمی جیاوازدا بە پێی گوتەی کۆچبەرێک کە یەکێک بووە لەو کۆچبەرانە، ئەو و ٢٢ کەسی دیکەیان بردووە کە لە نێویاندا دوو منداڵی ساوا هەبووە بۆ دوورگەیەکی رۆدز و بەلەمێکی بێ ماتۆڕدا جێیان هێشتوون و دواتر لەلایەن پاسەوانانی تورکیاوە ڕزگارکراون”. ڕاشیگەیاند: “ئەم کردارە لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا نایاساییە و لە ساڵی ٢٠١٥ وە یۆنان دەرگایەکە بۆ کۆچبەران بۆ چوونە نێو ئەورووپاوە”.