بیڵ گەیتس ملیاردێری جیهانی و خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت كە پێش پێنج ساڵ پێشبینی هاتنی پەتایەكی لە شێوەی كۆرۆنا كردبوو، ئەمڕۆ دووشەممە پێشبینی كاتی كۆتاییهاتنی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای كرد. گەیتس لە دیمانەیەكی ماڵپەڕی “وایەرد” ئاماژەی بەوە داوە پێشبینی دەكات وڵاتانی جیهانی یەكەم ساڵێك بەپێش وڵاتانی هەژار دەكەونەوە لە تێپەڕاندنی پەتای كۆرۆنادا. خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت دەڵێ پێشبینی دەكات تا كۆتایی ساڵی 2021 كۆتایی بە پەتای كۆرۆنا بێت لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا، بەڵام بە تەواوی لە جیهاندا، بە تایبەتی لە وڵاتە هەژارەكاندا، لە كۆتایی 2022دا كۆرۆنا بە تەواوی كۆتایی دێت. گەیتس پەسنی هەوڵەكانی بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا لە جیهان داوە و پێیوایە زۆر بە خێرایی كاری لەسەر دەكرێت و جێی گەشبینیە.