دوو بەرپرسی هەدەپە دەست لەكار دەکێشنەوە و دەچنە ناو ئاکەپە

دوو بەرپرسی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەست لەکار دەکێشنەوە و پەیوەندیی بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیاوە دەکەن. هەریەك لە ئەیهان ئێرین، سەرۆک  شارەوانیی شارۆچکەی (كۆزلول)ی سەر بە مێردین و فورات كەرەبولوت، سەرۆک شارەوانیی شارۆچکەی (بەكرخان)ی سەر بە مێردین، دەستیان لە هەدەپە كێشایەوە. ئەو دوو سەرۆک شارەوانییەی هەدەپە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لەمەودوا لە ریزەکانی ئاکەپە درێژە بە کاروانی سیاسیی خۆیان دەدەن. ئاكیف گوور، سەرۆكی لقی ئاكەپە لە مێردین، پێشوازی لەو دوو سەرۆک شارەوانییەی سەر بە هەدەپە كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، بە هۆی ئەوەی هەدەپە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی لەگەڵ خەڵک جوڵاوەتەوە، ئەو دوو سەرۆک شارەوانییە لێی جیابوونەوە و هاتنە ناو ئاكەپەوە.