یەكەمین كەسەكانی لە جیهاندا پێكوتەی دژە كۆرۆنایان پێدەدرێت كێن

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی وەڵامی پرسیارە گرنگەكەی دایەوە كە كێ لە جیهاندا بەر لە هەمووان پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرنای پێدەدرێت؟ لەمبارەیەوە ئەمڕۆ ڕێكخراوە جیهانییەكە وڵاتانی جیهانی هان دا كە بچنە ناو بەرنامەی پێكوتەی هاوبەشی دژە كۆرۆنا و ئاشكراشی كرد چ لایەنێك بەر لە هەمووان پێكوتەكە وەردەگرێت. تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوە جیهانییەكە ئاماژەی بەوە داوە كە تیمە پزیشكییەكان لە وڵاتانی جیهاندا لە ڕیزی پێشەوەی مەترسی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنان، هەروەها ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە، لەگەڵ تووشبووانی نەخۆشی تر، ئەوانە بەر لە خەڵكی تری جیهان، پێكوتەی دژە پەتای كۆرۆنا وەردەگرن. پەتای كۆرۆنا تا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیكەی 775 هەزار مرۆڤ لە جیهاندا، ئەمەش لە كۆی تووشبوونی 22 مليۆن مرۆڤ لە جیهاندا، دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو پەتاكە بۆ یەكەم جار لە چین سەری هەڵدا، ئێستاش ژمارەیەك پەیمانگەی باڵای پزیشكی لە جیهان، خەریكی بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژە پەتای كۆرۆنان.