وەزارەتی کارەبا: ئەمساڵ ٨٥٠ مێگاوات کارەبای نیشتمانی زیادی کردووە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەمساڵ ٨٥٠ مێگاوات کارەبایان بەرھەم ھێناوە و ئەگەر یەکە لەکار خراوەکانی چەند وێستگەیەکیش بەگەڕ بخرێنەوە، ھەرێمی کوردستان لە چارەسەریی بنەڕەتیی گرفتی کارەبا نزیک دەبێتەوە. ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕگەیاند: “لە ماوەی یەکساڵدا (١٢) پڕۆژەی گەورەی کارەبا  کە بریتین لە وێستگەی گۆڕین و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا و نزیکەی (٣٠) پڕۆژەی نوێکردنەوەی تۆڕی کارەبای گەڕەکەکان و گەیاندنی کارەبا بە گوند و گەڕەکە نوێیەکان لە شار و شارۆچکەکان جێبەجێ کراون و چەند پڕۆژەیەکی دیکەشمان لە بەرنامە دایە”. گوتیشی: “جگە لەوە ھەر لەو ماوەیەدا چەند وێستگەیەکی نوێی بەرھەمھێنانی کارەبا کراونەتەوە کە بڕی بەرھەمھێنرداوی کارەبایان (٨٥٠) مێگاواتە و بەھۆیەوە  ئێستا بڕی بەرھەمھێندراوی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (٣٧٠٠ مێگاوات) بەوەش توانیومانە ڕۆژانە ( ١٩ – ٢٠) کاتژمێر کارەبا بدەینە ھاووڵاتییان”. ئومێد ئەحمەد باسی لەوەش کرد: “بەھۆی نەبوونی سووتەمەنیی پێویست بۆ بەگەڕخستنی چەند یەکەیەکی کارەبا، لە ھەریەکە لە وێستگەکانی سلێمانی و ھەولێر و خورمەڵە و دھۆک، کاری بەرھەمھێنانی کارەبا تێیاندا ڕاگیراوە کە نزیکەی دوو ھەزار مێگاواتە”. بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئەگەر سووتەمەنی بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو یەکانە دابین بکرێت، بڕی کارەبای بەرھەمھێندراو دەگاتە نزیکەی شەش ھەزار مێگاوات و بەوەش نزیک دەبینەوە لە پڕکردنەوەی هەموو پێویستیی ھاووڵاتییان بە کارەبا چونکە لە ھیچ وەرزێک جگە لە زستان پێویستیی ھاووڵاتییان بە کارەبا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە”.