عەدنان زورفی: تیرۆرکردنی چالاکوانانی بەسرە راگەیاندنی شەڕە دژی دەوڵەت

سیاسەتمەدار و سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی شکستخواردووی پێشووی عێراق تیرۆرەکانی بەسرە بە شەڕ دژی دەوڵەتی عێراق، ناو دەبات. عەدنان زورفی، سیاسەتمەداری عێراقی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەو تاوانبارانەی هاووڵاتییان تیرۆر دەکەن، لە رێکخرای تیرۆریستی داعش مەترسیدارترن. عەدنان زورفی تیرۆرکردنی سێ ژنە چالاکوان و رێکخەری خۆپیشاندانەکانی بەسرە بە شەڕ دژی دەوڵەتی عێراق ناو دەبات و داوای لە دەزگای دژەتیرۆری عێراقی کردووە بەسرە لەو تاوانبار و ستەمکارانە پاک بکاتەوە. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 19-8-2020، رەیهام یەعقوب، ژنە چالاکوان و پزیشکی بەسرە  و دوو ژنە چالاکوانی دیکەی ئەو شارە بە گوللەی چەکدارانی نەناسراو و کوژران. ماڵپەڕی کەناڵی (سکای نیوز) ئاشکرای کردبوو، کە پێشتر ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی راپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا ژمارەیەک چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی عێراقی بە ”بەکرێگیراوی ئەمریکا“ هەژمار کرابوون و ناوەکانیان بڵاو کرابووەوە. رۆژی 17-3-2020، بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق لە کۆشکی کۆماری عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی، راسپارد، بەڵام لە پێکهێنانی حکوومەت شکستی هێنا. عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد. دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات. خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد و تا ئێستاش بەشێوەی پچڕ پچڕ، بەردەوامن.