بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی هۆکارێکی جیاوازی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا دەخاتە ڕوو

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بە ھۆی جیاوازیی نیشانەکانی کۆرۆنا لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە، بەشێک لە هاووڵاتیان متمانەیان بە بوونی ڤایرۆسەکە نییە و ئەمەش وای کردووە ژمارەی تووشبووان لە هەڵکشانی بەردەوام بێ. د.محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “ڤایرۆسی کۆرۆنا سیفەتی وایە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی نیشانەکانی جیاواز بێ بۆیە دەبیندرێت کاریگەری پەتاکە بە پێی کەسەکان جیاوازە تەنانەت لە بەشێکی زۆری خەڵکی بێ نیشانەیە ئەوەش متمانەی خەڵکی بە ڤایرۆسەکە لاواز کردووە بۆیە پەتاکە ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بڵاو بێتەوە”. گوتیشی: “وێڕای ئەوەی تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان (٤٠) نەخۆشخانە بە تەواوی پێویستییەکانەوە بۆ چاودێری و چارەسەرکردنی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا کراونەتەوە بەڵام ڕێگەش بە ھەندێک نەخۆشخانەی تایبەت دراوە کە تایبەت بکرێن بە چارەسەرکردنی تووشببووانی پەتاکە”. د.محەمەد قادر باسی لەوەشکرد کە تووشبووانی پەتای کۆرۆنا ئازادن لە چوونیان بۆ نەخۆشخانەی حکوومی یان تایبەت “بەڵام نابێت ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کە تەرخانکراون بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ چارەسەرکردنی ھیچ جۆرە نەخۆشییەکی دیکە بەکار بھێندرێن چونکە ڤایرۆسەکە بە خێرایی دەگوازرێتەوە و ئەوەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر و خێراتر دەکات”.