بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک: لە خۆپێشاندانەکەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل چەند کەسێک بە چەکەوە دەستگیرکراون

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئاشکرای دەکات کە لە ئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی دوێنێ شەو لە گردبوونەوەیەکی شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ڕوویدا 61 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوونە. لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک چۆنییەتی دەستپێکردنی رووداوەکانی شەوی رابردووی باس دەکات و دەڵێ: “سەرەتا ژمارەیەک شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی داخوازییەکانی خۆیان بگەیەننە بەرپرسان، دەزگای ئەمنی لەوێ ئامادەبوون، دانووستاندنیان لەگەڵ ئەو شۆفێرانە کردووە بۆ ئەوەی بزانن داخوازییەکانیان چین و بۆچی بەو شەوە و لەو کاتەدا گردبوونەتەوە و لەڕێگەی سەندیکا داواکانی خۆیان نەگەیاندووە تەقەیان لێکراوە”. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکیدا بە(کوردستان٢٤)ی راگەیاند: “لەکاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی ئەو دانوستانە بوون لەگەڵ شۆفێرەکان، لە دوورەوە تەقە لە پۆلیسەکان و شوێنی خۆپیشاندانەکە کراوە، دووجار تەقەکراوە و لەو کاتەشدا وەکو پلانێک، لە چەند شوێنێکی دیکە تەقە کراوە، ئۆتۆمبێلی خەڵک شکێنراوە و، ئاژاوە دروستبووە”. ئاماژەی بە ئەوەش دا کە هێزە ئەمنییەکان 18 کەسیان دەستگیرکردووە و لەو ژمارەیە تەنیا چواریان شۆفێر بوونە، ئەوانەی دیکە هیچ پەیوەندییان بە شۆفێرەکانەوە نەبووە و ژمارەیەکیان چەکیان بەدەستەوە بووە، دەشڵێ: “بۆیە ئێمە دەڵێین دەستی دەرەکی لەپشت ئەو خۆپیشاندانەوە بووە، ئەو دەستە دەرەکییەش هیچ پەیوەندییەکی بە شۆفێران و تەنانەت زاخۆ و دهۆکیشەوە نییە”. گوتیشی: “بەهۆی ئەو ئاژاوەوە زیانێکی زۆر هەبووە، 61 لە پۆلیس، ئاسایش و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بریندارکراون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەندێکی دیکەش بریندار بوون و نەچوونەتەنە نەخۆشخانە”. لە ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی زاخۆدا، هەروەها چوار هاووڵاتی بریندار بوون. لیوای مافپەروەر، تارق ئەحمەد دەڵێ لەو بریندارانە “یەکێکیان منداڵە هەروەها دوو لە بریندارەکان چەکیان بەدەستەوە گیراوە”. جەختیشیکردەوە کە”ئێستا رەوشی زاخۆ ئارامە، سنووری ئیبراهیم خەلیل بازرگانیی لێ بەردەوامە و هیچ کێشەیەک نییە”. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک راشیگەیاند: “26 ئۆتۆمبێلی ئێمە، هی ئاسایش و پۆلیس و فریاگوزاری زیانیان بەرکەوتووە، هەندێکیان هیچ جامیان پێوە نەماوە، هەندێکیان گوللـەیان بەرکەوتووە، ئەمە پیلان بووە و داڕێژراوە، چونکە ناچێتە ئەقڵەوە لەکاتێکدا ئەو شۆفێرانە بۆ داواکاریی خۆیان گردبوونەتەوە، لە هەمان کاتدا لە چەند شوێنێکی دیکە گوللە تەقێنراوە”.