لە سلێمانی تەرمێكی سوتێندراو دۆزرایەوە

پۆلیسی سلێمانی ئەمشەوی هەینی دۆزینەوەی تەرمێكی سوتێندراوی لە ناوچەی عەربەت راگەیاند. ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی تەرمی هاووڵاتییەك لە رەگەزی نێر، لە دەشتایی سنووری ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە سوتێنراوی دۆزرایەوە. لەمبارەیەوە سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند تەرمەكە لە سنووری ناحیەی عەرەبەت دۆزراوەتەوە، شوێنی كوشتنەكەی و هەوڵی سوتاندنەكەی لە دوو شوێنی جیاواز بووە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند ناسنامە لە گیرفانی قوربانیەكەدا نەبووە و جارێ نەناسراوەتەوە.