ڕانیە.. دوو سەرپێچیکاری ژینگە دەستگیر کران

شەوی ڕابردوو لە سنووری ڕانیە، دوو کەس لە کاتی لێدانی بیری ئاو بە شێوەی نایاسایی، لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕینەوە دەستگیر کراون. بێستوون عەبدوڵڵا، گوتەبێژی پۆلیسی داستان و ژینگەی ڕاپەڕین ڕاپەڕین بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە دوو ھاووڵاتی لە زەوییەکی کشتوکاڵی بە شێوەی نایاسایی سەرقاڵی لێدانی بیری ئاون، بە ھاوبەشیی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕانیە گەیشتینە شوێنەکە و توانیمان دەست بگرین بەسەر دەزگای بیر ھەڵکەندنەکەدا کە لە جۆری دڕێڵ بووە”. گوتیشی: “ھاوکات بە بڕیاری دادوەر، خاوەن زەوییەکە و خاوەن دزگای لێدانی بیرەکەش دەستگیر کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراەتەوە”. بە گوتەی بێستوون عەبدوڵڵا، بەھۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانیان، بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، لێدانی بیری ئاو بە شێوەی نایاسایی لە سنوورەکە کەمی کردووە.