ترەمپ: دیموکراتەکان ساختەکاری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەن

سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دیموکراتەکان بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، تۆمەتبار دەکات. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆماریخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رایگەیاندووە، ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەنگە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت و رەنگە هەتا هەتایەش دەرنەچێت. دۆناڵد ترەمپ پێیوایە دیموکراتەکان بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکە، داوایان کردووە هاووڵاتییان بە پۆست دەنگ بدەن و پەتای کۆرۆنایان کردووەتە بیانوو بۆ ئەو داوایە. بەپێی زۆرینەی راپرسییەکان، جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە و زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەمریکا لەگەڵ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ نین. بڕیارە رۆژی 3-11-2020، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە بچێت.