سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی ڕای گەیاندووە بەهۆی تەشەنەکردنی پەتای كۆرۆناوە، 100 ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا بە ژمارەی هەژاران زیاد بووە. دەیڤید مالباس، سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی لە چاوپێکەوتنکدا لەگەڵ ئاژانسی (فرانس پرێس)ی فەرەنسی ڕای گەیاندووە: “كۆرۆنا بارگرانییەکی دیكە بووە بۆ سەر ژیانی هەژاران تا دێت بەهۆی ئەو پەتایەوە ژماران لە جیهان زیاتر دەبن”. مالباس لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش داوە: “پێشتر بانكی نێودەوڵەتی پێشبینی ئەوەی كردبووە كە بەهۆی کاریگەریی پەتای كۆرۆناوە، 70 ملیۆن هەژاری دیكە زیاد دەبێت، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە زیاتر هەڵكشاوە و بەردەوامیشە”. سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕای گەیاندووە: “لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە لەلایەن وڵاتانی لووتكەی (G20)ەوە داوا كراوە بەهۆی ئەوەی پەتای كۆرۆنا دۆخی ئابووریی وڵاتە قەرزارەکانی بە تەواوەتی تێك داوە، مامەڵەی وەرگرتنەوەی قەرز لە وڵاتە هەژارەكان کە ژمارەیان 76 وڵات دەبێت، درێژ بكرێتەوە”.