لە چەمچەماڵ سیستەمی ئۆكسجینی مەركەزی بۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە توووشبوانی كۆرۆنا دانراوە و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵیش دەڵێت دانانی سیستەمی مەرکەزیی ئۆكسجین، خزمەتێكی باش بە ڕەوشی تەندروستیی تووشبوانی ئەو پەتایە دەكات. ئەمڕۆ شەممە 22/8/2020، شەریف ڕەحیم، جێگیری بەرپرسی تەندروستیی چەمچەماڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە سنووری چەمچەماڵ ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا بەتایبەت لەم چەند رۆژەی رابردوودا زۆر زیادی كردووە و تەنانەت لە ماوەی یەك هەفتەدا بەداخەوە 10 هاووڵاتیی تووشبووی كۆرۆنا گیانیان لەدەست دا و ژمارەی تووشبوان لە هەڵكشاندایە و لەبەر ئەوەی سیستەمێكی ئۆكسجین لە سنوورەكە نەبوو، گرفتێكی زۆری بۆمان دروست كردبوو”. گوتیشی: “ئێمە لە چەمچەماڵ بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دوو شوێنمان هەیە كە سەنتەری ئاسوودەی تایبەتە، هەروەها باڵاخانەی عومەر خەلیفە، بە هەوڵی هەموو لایەك توانیمان بۆ سەنتەری ئاسوودەی تایبەت سیستەمی مەركەزیی ئۆكسجین دابین بكەین، ئێستا زیاتر لە 40 تووشبووی كۆرۆنا لەو سەنتەرە لەژێر هەنەسەدانی دەستكردان”. لە سەرەتای بڵاوبونەوەی كۆرۆنا تا ئێستا ئەوەندە نەخۆش لەژێر هەناسەدانی دەستكردا نەبووە لە چەمچەماڵ، بۆیە بە گرنگ بیندرا ئەو سیستەمە دابنرێت كە ئێستا سوودێكی زۆری هەیە بۆ تووشبوانی كۆرۆنا و خەزانەی ئەو سیستەمەی ئۆكسجینە بەروارد دەكرێت بە هەزار بتڵ ئۆكسجین و بە شێوەی تانكەر بەردەوام ئۆكسجینمان بۆ دابین دەكرێت ئەمەش كارئاسانی زۆری بۆ سەنتەری ئاسودەی تایبەت كردووە”. لە سنووری قەزای چەمچەماڵ تا ئێستا پشكنینی كۆرۆنا بۆ 5000 كەس ئەنجام دراوە و لەو ژمارەیەش 620 كەس تووش بوون و لە نەخۆشخانەكان خوێندراون و 10 تووشبووش گیانیان لەدەست داوە.
چەمچەماڵ.. سیستەمی ئۆكسجینی مەركەزی بۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا دانرا
