ئەمشەو لە دوو شوێنی جیاوازەوە دوو گوللە هاوەن ئاراستەی نێو شاری خانەقین کرا. عەمید ئازاد عیسا، بەرێوەبەری پۆلیسی خانەقین(هەرێمی کوردستان)، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەمشەو شەممە 22/8/2020، لە دوو ئاراستەی جیاوازەوە دوو گوللە هاوەن ئاراستەی ناوەندی قەزای خانەقین کران”. گوتیشی: “یەکێک لە گوللە هاوەنەکان بەر ماڵی برایەکی بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین(عێراق) کەوتووە و زیان بەر خانووەکە کەوتووە و ئەوی دیکەش لە نێو باخچەیەکی خانەقین کەوتووەتە خوارەوە”. ئاماژەی بە ئەوەش کرد کە بە هۆی ئەو بۆردوومانەوە بەشێکی زۆری دانیشتووانی خانەقین ئێستا لە ترس و دڵەڕاوکێدان و ترسیان لە دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکە هەیە.