سەبارەت بە پێکهێنانى ناوەندى هەماهەنگیی سەربازیی پێشمەرگە و سوپاى عێراق روونکردنەوە دەدرێت

بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند لێکتێگەیشتنى باش لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە رێکەوتن و هیچ شتێکى فەرمى لەبارەى ناوەندە هاوبەشەکانەوە بە ئێمە نەگەیشتووە. فەریق جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى و ئەندامى لێژنەى باڵاى هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ بەغدا بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “دواى وەستانى کۆبوونەوەکانى نێوان هەردوو لێژنەى باڵاى هەماهەنگى وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق، بە هەوڵى هەردوولا تواندرا لە 2ى تەمووز و 20ى تەمووز دوو کۆبوونەوە ئەنجام بدرێ لە هەولێر و بەغدا، بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى هەیە لە نێوان هەردوولا، لێکتێگەیشتنى باشیش هەبووە لە گفتوگۆکاندا”. روونیشى کردەوە” ئەو پرسانەى لە کۆبوونەوەکان باس کراون، ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى هاوبەش و گەڕانەوەى پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستانى داعش و کردنەوەى چەند ناوەندێکى هەماهەنگى سەربازیی هاوبەش، بۆ ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى و هەماهەنگى زیاترى نێوان هەردوولایە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنى کۆتایی”. لە بارەى نیشاندانى رەزامەندى حکوومەتى عێراق بۆ کردنەوەى چوار ناوەندى هەماهەنگیی هاوبەشى سەربازی لە نێوان هەردوولا، لە سنوورى مووسڵ و کەرکووک و دیالە و هەولێر ناوبراو دەڵێ” تا ئێستا هیچ نووسراوێکى فەرمى لە بەغداوە بە ئێمە نەگەیشتووە، ئێمەش تەنیا لە میدیا نووسراوێکمان بینیوە، بۆیە چاوەڕێى کۆبوونەوەى داهاتوو دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کێشەکانى نێوانمان”.