شارباژێر.. بەھۆی ئاگرکەوتنەوە نزیکەی ھەزار دۆنم پووش و پاوان سووتا

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕای گەیاند، بەھۆی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری دوو گوندی قەزای شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی، نزیکەی ھەزار دۆنم پووش و پاوەنی ھاووڵاتـیانی سنوورەکە سووتاوە. لەمبارەوە ھێمن کەرمەخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشممە ٢٣ / ٨ / ٢٠٢٠ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە سنووری گوندەکانی (خەمزە و ھۆمەراخ) سەر بە شارەدێی سیتەک لە قەزای شارباژێر بووە کە بەداخەوە بەھۆیەوە نزیکەی ھەزار دۆنم پووش و پاوانی شاخی سنوورەکە سووتاوە”. گوتیشی: “دوای گەیشتنی زانیاری، دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی سیتەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بە ھاوکاریی تیمی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە و ھاووڵاتیانی سنوورەکە، توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن”. ھێمن کەمەرخان باسی لەوەش کرد: ت”تا ئێستا ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییەو بۆ ڕوونبوونەوەی ھۆکارەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە”.