‘دواى بانگەوازەکەى وەزارەتى تەندروستى ژمارە بەخشەرانى پلازماى خوێن زیادى کردووە’

بەڕێوەبەرى بانکى خوێنى هەولێر رایگەیاند ژمارەیەکى زۆرى ئەو نەخۆشانەى لە پەتاى کۆڕۆنا چاکبوونەتەوە،رۆژانە سەردانى بانکى خوێن دەکەن بۆ بەخشینى پلازماى خوێن ئەمەش دواى بانگەوازەکەى وەزارەتى تەندروستى. د.هۆشیار یاسین، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێنى هەولێر بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “دواى بڵاوبوونەوەى بانگەوازەکەى وەزارەتى تەندروستى، رۆژانە ژمارەیەکى زۆرى ئەو هاووڵاتیانەى پەتاى کۆڕۆنایان تێپەڕاندووە سەردانى بانکى خوێن دەکەن، بەمەبەستى بەخشینى پلازماى خوێن بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى پەتاکە”. روونیشى کردەوە” تائێستا زیاتر لە 700 کەس سەردانى بانکى خوێنى هەولێریان کردووە و پلازماى خوێنیان بەخشیوە،ئەمەش دواى ئەنجامدانى پشکنین بۆیان چونکە بەر لە وەررگتنى پلازماکە هەمان رێککارەکانى وەرگرتنى خوێن بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر، بۆ ئەوەى بزانین پلازماکەى گونجاوە و خوێنەکە دژە تەنى دروستکردووە یان نا”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” پلازماى هەر کەسێک بۆ سێ توشبوو بەکار دەهێندرێت، ئەمەش دواى ئەوەى دوو هەفتە بەسەر چاکبوونەوەیان دا تێپەڕ دەبێت و پشکنینەکەیان نێگەتیڤ دەردەچێت، چونکە مەرج نییە پلازماى خوێنى هەموو ئەو کەسانەى لە پەتاکە چاکبوونەتەوە بە کەڵکى نەخۆش بێت”.