بەرپرسێکى وەزارەتى کارەبا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە لە مانگەکانی داهاتوو پێدانی کارەبای نیشتیمانی کەم نابێتەوە و جەختیش دەکاتەوە کە هەوڵی زیادکردنیشی دەدرێ. ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى کۆنترۆڵى کارەبا و گوتەبێژى وەزارەتى کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بە هاووڵاتیان بۆ مانگى ئاب زیادى کردووە، بە جۆرێک لەخراپترین باردا 19 کاتژمێر و لە بارى ئاساییدا زیاتر لە 21 کاتژمێر لە رۆژێکدا کارەبا بە هاوبەشان دراوە، ئەمەش بڕێکى باشە بە بەراوردى ساڵانى رابردوو، بۆ مانگەکانى داهاتووش ئەگەر پێدانى کارەبا زیاتر نەبێ کەمتر نابێتەوە”. روونیشى کردەوە” زیادبوونى کاتژمێرەکانى کارەباى نیشتیمانى بەهۆى زیادکردنى سەرچاوەکانى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبان، ئەمەش دواى بەکارخستنى چەندین پڕۆژەى گرنگى کارەبا لەوانەش وێستگەى وزەى هەڵمى خەبات و وێستگەى وزەى خۆر، ئەمە جگە لە وێستگەى کارۆئاویى دوکان و دەربەندیخان”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” پڕۆژەى بەستنى پێوەرى زیرەکیش بۆ هاوبەشانى ماڵان بەردەوامە و تائێستاش زیاتر لە 260 هەزار پێوەر بۆ گەڕەکەکانى ناوشارەکان بەستراوە، ئێستا جگە لە بەستنى پێوەر بۆ ماڵان پڕۆسەى بەستنەوەى ئەو پێوەرانەش بە ژوورى کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکانى کارەبا بەردەوامە، چونکە سیستەمەکە لە رێگەى ژوورى کۆنترۆڵەوە کۆنترۆڵ دەکرێت”.
وەزارەتى کارەبا: پێدانى کارەبای نیشتمانی کەم نابێتەوە
