ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین لە دوو چالاکی جیاوازدا دوو تۆمەتباری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە. محەمەد فازڵ، گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “هێزەکانمان لە یاریدەدەرێتی ئاسایشی سەنگەسەر و بنکەی ئاسایشی زەڵێ، لە دوو کات و شوێنی جیاواز دوو کەسیان دەستگیر کرد کە بڕی نیو لیتر لە شلەیەکی ڕوونی نەناسراو، لەگەڵ بڕێک ماددەی ڕەنگ خەنەیی و ڕەنگ سپیان پێ بووە، لەگەڵ هەندێک سیم و چەرخی پەرەمێز، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا هەردوو تۆمەتبار دانیان ناوە بەوەی کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن”. گوتیشی: “یەکێک لە تۆمەتبارەکان دانیشتووی قەزای چۆمانە و ئەوەی دیکەیان دانیشتووی ناحیەی چواڕقوڕنەیە”. ڕاشیگەیاند: “لە سەر فەرمانی دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بە پێی ماددەی ۱٤ی ماددە هۆشبەرەکان”.
ڕاپەڕین.. دوو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران
