پۆلیسی سلێمانی: هەڵمەتی دەستگیرکردنی سواڵکەر و لەشفرۆشی سەر شەقامەکان بەردەوامە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای دەکات، کە هەڵمەتێکییان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە لەسەر شەقامەکان بە بیانووی سواڵ کاری لەشفرۆشی دەکەن. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دوای ئەوەی کۆمەڵێک چالاکوانی شاری سلێمانی پێشنیاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیان بۆ کردین کە لە رێگەی سواڵکردنەوە خەڵک دەخەڵەتێنن و کاری نەشیاو و لەشفرۆشییان لەگەڵ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستە بە هاوکاریی دادگاکانی سلێمانی هەڵمەتێکمان بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی سواڵکردن لەسەر شەقامەکان دەستپێکردووە و ئەوانەی بە بیانووی سواڵکردنەوە کاری نەشیاو دەکەن دەستگیر دەکرێن”. راشیگەیاند: “هەڵمەتەکەمان ماوەی دوو هەفتەیە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 50 کەسیش لەوانەی لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی ناو شاری سلێمانی بوون دەستگیرکراون و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبین و شار و ناحیەکانی تریش دەگرێتەوە”. ئاماژەی بە ئەوەش کرد، زیاتر لە 99%ی ئەو کەسانەی کە سواڵ و کاری نەشیاو دەکەن کورد نین “بەڵکو ناسنامەی ئێرانیان پێیە یان خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن و هاتوونەتە شاری سلێمانی ئەو کارە دەکەن”. گوتیشی: “ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێئەوە کە ئەو کارە دووبارە نەکەنەوە”.