لە ئاكامی هێرشی و تیرۆریستانی داعش لە سنووری قەزای شارەبان و ناحیەی عوزێمی سەر بە پارێزگای دیالە سێ سەربازی عێراقی کوژران، هاوکات لە قەرەتەش دوو هاووڵاتییان ڕفاندووە. ئەمڕۆ سێشەممە 25/8/2020، كەمال ئیبراهیم، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەتەپەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “درەنگانی شەوی رابردوو لە گوندی “سەفسافە”ی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە، چەكدارانی داعش دوو هاووڵاتییان ڕفاندووە كە ئامۆزای یەكترن.” گوتیشی: “هەر لەو گوندە هاووڵاتییەك هەڵاتووە و ویستوویە خۆی لە دەستی ئەو چەكدارانە دەرباز بكات، بەڵام چەكدارانی داعش تەقەیان لێ كردووە و برینداریان كردووە.” لەلایەکی دیکەوە عەلی حەیدەر، ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند لە ئاكامی هێرشی داعش لە سنووری ناحیەی عوزێم سەربازێك كوژراوە و هاوکات لە هێرشێکی دیکەشدا لە سنووری قەزای شارەبان دوو سەربازی دیکە كوژراون”. هەر لەمبارەوە ئەحمەد زڕگووشی بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیەی سەر بە خانەقین بە (باسنیوز)ی راگەیاند:” شەوی ڕابردوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە چەند گوللەهاوەن و مووشەكێكی كاتیۆشا ئاراستەی چەند گوندێكی سنوورەکە کراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە.”