لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان و كرێچییان دەكات و ئەندامێكی لێژنەکەش ڕای گەیاند بۆ ئەم مەبەستە وەزیری ئاوەدانەکردنەووە و نیشتەجێبوون و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بانگهێشتی کۆبوونەوەی لیژنە دەکرێن. سارا دڵشاد ئەندامی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پێشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە 2020/8/24، لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەبارەی بەدواداچوون بۆ كێشەی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەت و كرێچیەكان بەڕێوە برد”. ڕاشی گەیاند: “بریارمان دا بەمەبەستی دیاریكردنی چارەنووسی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەت و كرێچیبەكان میوانداریی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بکەین، هەروەها بۆ ڕوونكردنەوە لەسەر دوا هەنگاوەكانی وەزارەت لەسەر كێشەی ڕێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی، لیژنەی ئاوەدانكردنەوە وەبەرهێنان بریاری دا میوانداریی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش لە هەرێمی كوردستان بکات بەمەبەستی پێدانی لیستی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان وەرگرتنی زانیاریی پێویست لەسەر چارەنووسی١٠٥٠ یەكەی نیشتەجێوون كە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕیاری لەبارە دراوە و پێدانی زانیاری بە لیژنەی ئاوەدانكردنەوە وەبەرهێنان لەسەر نەخشەی وەبەرهێنان لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان”. سارا دڵشاد گوتیشی: “لەم كۆبوونەوەیەدا دوا هەنگاوەكانی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەت و كرێچییەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان خرانە بەرباس و بریار درا نوسراوێك ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی دروستكردنی لیژنەیەكی لاوەكی بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان كە هەندێكیان تا ئێستا كێشەیان هەیە و پرۆژەش هەیە ڕێژەیەكی كەمی ماوە، کەچی تەواو نەكراوە و پێویستە ئەوانەش چارەسەر بكرێن و كە ئێمە مەیدانییەن سەردانی چەند پرۆژەیەكمان كردووە”.
لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمان لە كێشەی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان دەكۆڵێتەوە
