بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.9 بە پلەی ڕیختەر شاری سنووریی “قەسرشیرین”ی لە پارێزگای کرماشان هەژاندووە و لە سنووری گەرمیانش هەستی پێ کراوە. ماڵپەڕی (میهر) بە پشتبەستن بە زانیاریی ناوەندنی بوومەلەرزەناسیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کاتژمێر 5:12 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.8.26 بە کاتی ئێران، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.9 بە پلەی ڕیختەر شاری قەسرشیرینی سەر بە پارێزگای کرماشانی هەژاندووە. بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو بوومەلەرزەیە لە قووڵایی هەشت کیلۆمەتری ژێر زەوی و سەنتەرەکەی لە 24 کیلۆمەتریی شاری قەسرشیرین، 30 کیلۆمەتریی ئەزگلە، 42 کیلۆمەتریی سەرپێڵزەهاو ڕووی داوە. هاوکات ئەو بوومەلەرزەیە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و بەتایبەت دەڤەری گەرمیانیش هەستی پێ کراوە. تا ئێستا لەبارەی خەسارە گیانی و داراییەکانی ئەو بوومەلەرزەیە هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە. شارەکانی قەسرشیرین و سەرپێڵزەهاو و ئەزگلە و شارە سنووریەکانی پارێزگای کرماشان بە ناوەندی ڕوودانی بوومەلەرزە ناسراون و ساڵانە بە دەیان حاڵەت تۆمار دەکرێت.
بوومەلەرزە شارێکی پارێزگای کرماشانی هەژاند
