نووسراوێک بۆ خانەنشینکردنی کارمەندانی ناوخۆ دەردەکرێ

بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە ئەو کارمەندانەی داوای خانەنشینی دەکەن، دەبێت تەمەنی 45 ساڵیان تەواو كردبێت. بە پێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان كە رۆژی 17-8-2020 دەرچووە و کۆپیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاماژە بە خانەنشینکردنی پۆلیس و کارمەندانی ناوخۆ كراوە. لەم نووسراوەدا کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس نێردراوە، هاتووە “ئەو کارمەندانەی داوای خانەنشینی دەکەن، دەبێ تەمەنی 45 ساڵی تەواو بکەن، بە پێچەوانەوە داواکارییەکانیان بەرز نەکرێتەوە”. لە نووسراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە بە پێی ماددەی حەفت بەندی سێیەمی یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی، تەمەن و خزمەت دیاری کراوە بۆ خانەنشینی. حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند بە پێی یاسای چاکسازی کە ڕێوشوێنی بۆ دەرکراوە، هەر فەرمانبەرێک 15 ساڵ خزمەتی راستینە و 45 ساڵ تەمەنی هەبێت، دەتوانێ داوای خانەنشینی بکات، مەرجی 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتی راستینە، هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگەش دەگرێتەوە”. زیاتر گوتی “پێشتر ڕێنماییەک هەبوو هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە بە کەمتر له 45 ساڵ خزمەت خانەنشین دەکران، بەڵام ئێستا بەم جۆرە نابێ”. ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر یەکێک هۆکاری نەخۆشی هەبێ، دەتوانێ بەدەر لە 15 ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەن خانەنشین بێ.