بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای دەکات کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری قەڵادزێ گوللەیەکی وێڵ بەر مێرمنداڵێک کەوتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە. بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە کە “کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی مێرمنداڵێک بە ناوی ( ئـ . ئـ . خ ) تەمەن 15 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی ڕاپەڕین-ی قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ بە گوتەی کەسوکارەکەی لە زێی (کانیان) سەر به قەڵادزێ شوان بووە و لە شوێنێکی نادیارەوە فیشەکێک هاتووە و بەر کەلەکەی کەوتووە و بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە”. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشکراشی کردووە کە پاش گەیشتنی تەرمی مێرمنداڵەکە بۆ نەخۆشخانە و دوای توێکاری دەرکەوتووە کە شوێنەواری یەک گوللە کە جۆری چەکەکەی تا ئێستا نەزانراوە بەسەر جەستەیەوە هەبووە، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە. پۆلیسی راپەڕین دەشڵێ کە تا ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بەردەوامە.
قەڵادزێ.. لە شوێنێکی نادیارەوە تەقە لە مێرمنداڵێک کرا و کوژرا
