ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو پەیامێک لە دژی تورکیا، بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنێرێت. لە پەیامەکەیدا، کە مانگی رابردوو گەیەندراوەتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمڕۆ شەممە 29-8-2020 میدیا عەرەبییەکان ناوەڕۆکەکەیان بڵاو کردووەتەوە، ئیمارات رایگەیاندووە، تورکیا هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست دەدات. هەر لە پەیامەکەدا، دەوڵەتی ئیمارات جەختی لەوە کردووەتەوە، کە تورکیا کەیسی پەنابەران و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا بۆ بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆی بەکار دەهێنێت. پەیامەکەی ئیمارات بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوای پەیامێکی تورکیا دێت، کە بۆ ئەنجوومەنەکەی ناردبوو و تێیدا رایگەیاندبوو، ئیمارات هەوڵی لەناوبردنی بزووتنەوە و لایەنە دیموکراتەکانی ناوچەکە دەدات. ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیی بە رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهانییەوە هەیە، کە تورکیا لەسەردەمی حوکمڕانیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ـە و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆمار و سەرۆکی ئەو پارتە، خۆی بە رێبەری ئەو رەوتە دادەنێت و ئیماراتیش ئەو رەوتەی خستووەتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.