مەراڵ ئاكشەنەر: دەمەوێت ببمە سەركۆماری توركیا

مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش (IYI PARTI) لە دیمانەیەكدا ئاشكرای کردووە حەز دەكات ببێتە سەركۆماری توركیا، بەڵام ئەوە هاوپەیمانیی (میللەت)ە بڕیار دەدات كێ دەكاتە كاندیدی سەركۆمار بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. ئاكشەنەر لە دیمانەیەكیدا بۆ كەناڵی تەلەفزیۆنیی (خەڵك)، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئایا دەبێتە كاندیدی هاوپەیمانیی (میللەت) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا؟ ئاكشەنەر گوتیشی: “بە دڵنیاییەوە وەكوو هەموو كەسێك حەزم لێیە كاندید بم و ببەمە سەركۆماری توركیا، بەڵام كات زۆر ماوە، هەروەها ئەمە بابەتێكە دەبێت هاوپەیمانیی (میللەت) قسەی لەبارەوە بكات. تەنیا لەبەر ئەوەی ببمە سەركۆماری توركیا، یاری بە داهاتووی توركیاوە ناكەم”. ئاكشەنەر باسی لەوەش كردووە كاتێك بەناو كاسبكاراندا گەڕاوە و لە هەواڵی پرسیون، ئەوان پێیان گوتووە بە هیچ شێوەیەك نابێت پارتی باش لە هاوپەیمانی (میللەت) بكشێتەوە.