سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنەوەی پرۆسی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلان و پڕۆژە پێشنیازێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات. بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتى (٢٩/٨/٢٠٢٠) ئەنجوومەنى وەزارەتەکە بە سەرپەرشتی د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا کۆبووەتەوە و لەمیانەدا ئاماژەى بە دواین پەرەسەندن و پێشهاتەکانى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا داوە و تیشکى خستووەتە سەر پڕۆژەى وەزارەت بۆ دەستپێکردنەوەى ساڵى نوێى خوێندن. راشیگەیاندووە: “بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) پلان و بەرنامەى تازەمان بە ئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران و، کوالێتى خوێندن داڕشتووە”. بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستیى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، كە بریتین لە:- • خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە (١/٩) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە (٣٠/٦) کۆتای پێ بێت. • لە نێوان (٢٠/٩) تاکو (٤/١٠) پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو ڕێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەستنیشان بکەن. • سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بریتیە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning). • خوێندنى وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتاى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت. • ماوەى نێوان (٩/١) تاکو (١٠/٤) ئەو ماوەیە بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبوکردنەوەى وانە فەوتاوەکان. • هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (١٥) هەفتە کەمتر بێت. • بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لەنێوان زانکۆکانى هەرێم سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت. • بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ ڕاسپاردەى دەکات. • لە (٢٠٢٠/١٠/١١) پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات. ئاماژەش بە ئەوە دراوە کە کۆى ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.