تەندروستیی هەولێر: نەخۆشخانە 72 قەڕەوێڵەییەکەى هەولێر دەکرێتە هەمیشەیى

بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى هەولێر رایگەیاند ئەو نەخۆشخانە 72 قەڕەوێڵەییەى کە بڕیار بوو لەلایەن خێرخوازان و لە ماوەیەکى کەمدا دروست بکرێت بۆ چارەسەرى کۆڕۆنا، دەکرێتە نەخۆشخانەیەکى هەمیشەیى و بەشێوازێکى پێشکەوتوو دروست دەکرێت. د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: ” لە سەرەتاى سەرهەڵدانى پەتاى کۆڕۆناوە چەند خێرخوازێکى شارى هەولێر، بڕیاریاندا لەسەر ئەرکى خۆیان نەخۆشخانەیەکى 72 قەڕەوێڵەیى بە شێوەیەکى کاتى لەماوەیەکى کەمدا بە ساندەویچ پەنەڵ دروست بکەن، بەڵام دواتر بیرۆکەکە گۆڕا بۆ ئەوەى نەخۆشخانە بکرێتە هەمیشەیى و تادواى کۆڕۆناش سودى لێوەربگیرێت”. راشیگەیاند: ” چەند رێکخراوێکى خێرخوازیى بە هاوکاریى رێکخراوى نێودەوڵەتیی UNDP  هاتوونەتە سەرهێڵ، بۆ ئەوەى بتواندرێت نەخۆشخانەکە لە کاتییەوە بکرێتە هەمیشەیى و لە شوێنى ساندەویچ پەناڵ بە کۆنکرێت دروست بکرێت، ئێستاپەیکەرى نەخۆشخانەکە تەواو بووە، بەڵام بەشى تەواوکارى و پێداویستییەکانى ماون بۆى بکرێت، چونکە پێداویستى نەخۆشخانەیەکى مۆدرێرن و هەمیشەیى زۆر جیاوازە لە شوێنێکى کاتیی”. ئەوەشى خستەڕوو” لە هەولێر ئێمە کێشەى قەرەوێڵەى خەوتنى نەخۆشمان نییە بەڵکو ئەوەى بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەشەکانى چاودێرى چڕ و هەناسەدانى دەستکردە، بۆیە ئەو نەخۆشخانەیە کە بڕیارە بەتەواوى پێداویستییەکانەوە و بەشێوەیەکى مۆدێرن دروست بکرێت، دەبێتە ناوەندێکى گرنگ و کاریگەیى باشى دەبێت بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆڕۆنا”.