دادوەری لێکۆڵەر لە تەقینەوەکەی بەیرووت دەست لەکار دەکێشێتەوە

ئەو دادوەرەی راسپێردرابوو بە لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی بەیرووتی پایتەختی لوبنان، دەست لەکار دەکێشێتەوە. میدیا لوبنانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە غەسان عوەیدات، دادوەری لێکۆڵەر لە تەقینەوەکەی بەیرووت هەڕەشەی دەست لەکار کێشانەوەی کردووە، ئەگەر لێکۆڵینەوە لەگەڵ غازی زعێتەر، سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی وڵات، بکرێت. غازی زعێتەر پێشتر پۆستی وەزیری لە چەند وەزارەتێکی لوبنان وەرگرتووە و هاوسەری خوشکی دادوەر غەسان عوەیداتە، بۆیە عوەیدات رازی نییە فادی سوانی لێکۆڵەری دادی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارە بکات. رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 181 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.