پەنابەرانی سووریا پەنا بۆ هەژارترین وڵاتی جیهان لە کیشوەری ئەفریقیا، دەبەن. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (RT)ـی رووسی، زیاتر لە 10 خێزانی سووری لە ترسی شەڕی ناوخۆیی، وڵاتەکەیان بەجێ هێشتووە و پەنایان بۆ سۆماڵ بردووە. ئەو خێزانانە گەیشتوونتە شاری دوساماریب لە پارێزگای غلمدغ لە ناوەڕاستی سۆماڵ. ئیدارەی حکوومیی سۆماڵی لە دوساماریب پێشوازیی لەو خێزانە سوورییانە کردووە و بەڵێنی پێدانی پارچەیەک زەوی پێداون، ئەگەر بیانەوێ لە سۆماڵ نیشتەجێ ببن. سۆماڵ وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی ئەفریقیا. یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان و بە دەست برسیەتی و شەڕی دژی گرووپە توندڕەوەکانەوە دەناڵێنێت. بەهۆی شەڕی ناوخۆیی نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێکردووە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی سووریا ئاوارەی وڵاتانی جیهان بوون.