نووسەرێکی ئیرلەندی وتارەکانی ترەمپ بە وتارەکانی سەدام حوسێن دەشوبهێنێت

نووسەرێکی ئیرلەندی وتارەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە وتارەکانی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراقی دەشوبهێنێت. پاتریک گۆگبێرن، نووسەری ئیرلەندی لە وتارێکدا، کە لە رۆژنامەی (ئیندپێندنت) بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، گەورەکردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن هاوشێوەی پێداهەڵدانی ئەندامانی حزبی بەعسە لە کۆبوونەوەکاندا بە سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراقی. پاتریک گۆگبێرن هەروەها رایگەیاندووە، هەموو ئەو گوتانەی بەرامبەر سەدام حوسێن دەگوتران، پێداهەڵدان و بە گەورە نیشاندانی ئەو بوون و بە سەرکەوتن نیشاندانی شکستەکان بوون. ئەو نووسەرە پێیوایە وتارەکانی ترەمپ لە هەڵمەتەکانی دووبارە هەڵبژاردنەوەی هاوشێوەی وتارەکانی سەدام حوسێنە، کە لە ماوەی 30 ساڵدا شکستەکانی خۆی وەک سەرکەوتن نیشان دەدا و خەڵکیش چەپڵەیان بۆ لێدەدا. نووسەرەکە ئاماژەی بە خاڵێکی دیکەی هاوشێوەی سەدام حوسێن لە دۆناڵد ترەمپ داوە و رایگەیاندووە، هەموو ئەو کەسایەتی و سەرکردانەی لە کارەکانی ترەمپ رازی نین، بە تایبەت لە شکستهێنانی لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، لادەدرێن و کەسانی نزیک لە سەرۆکی ئەمریکا لە شوێنیان دادەنرێت.